دوخوسک به ده سته ی برازاکه ی کوزران
ایەقە و رابیعە خەریكی كاری ناو ماڵ بوون، بێ ئاگابوون لەوەی كە پشتیوانی برازایان پیلانی كوشتنی بۆ داناون، پشتیوان هەردوو پوورەكەی دایە بەر دەستڕێژی گوللە. باوكی لایەقە و رابیعە دەیگوت "پشتیوان هەردوو كچەكەمی كوشت، دەمەوێ حكومەت لە سێدارەی بدات".
ئێوارەی 18/6/2010 لە گەڕەكی باداوەی هەولێر دوو خوشك بەناوی رابیعە حەمەدەمین، 33ساڵ، لایەقە حەمەدەمین، 37ساڵ، لەلایەن برازایەكیانەوە بەناوی پشتیوان زاهیر حەمەدەمین كوژران. پشتیوان هەڵاتووە، بەڵام فەرمانی گرتنی دەرچووە.
حەمەدەمین عەزیز حوسێن، 80ساڵ، باوكی لایەقە و رابیعە، كە دەكاتە باپیری پشتیوانی بكوژ لەناو ماڵەكەی خۆی لەو شوێنەی كچەكانی لێكوژرا دانیشت و قسەی بۆ (رووداو) كرد. خەمێكی گەورە لە چاوەكانی بەدی دەكرا، بە هەناسە سوارییەوە باسی كوشتنی دوو كچەكەی بە دەستی كوڕەزاكەی گێڕایەوە. حەمەدەمین بەر لە كوشتنی دوو كچەكەی 3 كوڕ و 5 كچی هەبوو، كوڕەكانی ژنیان هێناوەو ماڵیان جیایە و چوار كچیشی بە شوو داوە، بەڵام لایەقە لە مێردەكەی جیابووەتەوەو لەگەڵ رابیعەن خوشكی كە شووی نەكردبوو لەگەڵ باوكیان دەژیان، دایكی ئەو دوو كچەكەش كۆچی دواییكردووە. ماڵی پشتیوان دراوسێیانە. پشتیوان ژنی هێناوە و باوكی 2 كوڕەو وەستای سپیكاری بوو.
ئەو ئێوارەیەی لایەقەو رابیعە كوژران، حەمەدەمینی باوكیان لە بازاڕ گەڕابووەوەو پێویستی ماڵی كڕیبوون. ئەو دەیگوت كچەكانم بەردەوام خزمەتی منیان دەكردو بەو ئێوارەیە ریشیان بۆ تاشی. پاشان دەچن خەریكی كاری ناوماڵ دەبن "پشتیوان لە ناكاو بە كڵاشینكۆفەوە هاتە ژوورەوە، چەكەكەی سواربوو، كچێكم ئاوی دەكردە ناو تانكی موبەڕیدە، پشتیوان بێ ئەوەی یەك قسە بكات، تەقەی لێكرد و كوشتی، كچەكەی دیكەشم خەریكی كاری ناوماڵ بوو، تەقەی لەویش كردو ئەویشی كوشت، كچەكانم ئاگایان لە پشتیوان نەبوو دەیانكوژێت، هەردووكیان كەوتنە سەر زەوی و بینیم خوێن لە حەوشە رژا".
لەو كاتەی لایەقەو رابیعە كوژران، مستەفا حەمەدەمینی برایان لە نزیك ماڵی باوكی دەبێت، بەپەلە رادەكات دەبینێ هەردوو تەرمی خوشكەكەی لە حەوشە كەوتوون "ئەوكاتەی من گەیشتم پۆلیس گەیشتبووە ماڵمان و تەرمەكانی دەگواستەوە نەخۆشخانە".
پشتیوان ماوەیەك لەمەوبەر پێشمەرگە بووەو وازی لێهێنابوو، چەكەكەیشی هەر هی پێشمەرگایەتی بوو، پشتیوان دوای كوشتنی پوورەكانی هەڵدێت. باوكیرابیعە و لایەقە دەستی بۆ ناو ژوورەكە رادەكێشاو شوێنی كوشتنی كچەكانی پیشاندەدا، ئاماژەی بۆ ئەو شوێنانەش دەكرد كە گوللەی دیكەیان بەركەوتبوو "ئێرە هەموو شوێنی گوللەیە، سەیركە چەند گوللە بە حەوشە كەوتووە، زیاتر لە 26 گوللەی تەقاندووە".
زارا حەمەدەمین، خوشكی لایەقەو رابیعە دوای كوژرانی خوشكەكانی لەگەڵ باوكی دانیشتبوو. زارا باسی لەوە دەكرد، خوشكەكانی پشتیوانیان لە برای خۆیان خۆشتر دەویست، هەرچییەكیان هەبووایە دەیاندا ماڵی ئەویش، بەردەوام دوو كوڕەكەی پشتیوان لە ماڵی ئەوان بوون، ئەوەی خەمی زارای گەورەتر كردووە، باشی خوشكەكانی بوو بۆ باوكیان "بەردەوام خزمەتی باوكمیان دەكرد".
بەپێی ئەو زانیاریانەی لە سەرچاوەیەكی پۆلیسەوە دەست (رووداو) كەوتوون، پشتیوان ماوەیەك بوو پەیوەندی لەگەڵ كچە پوورێكیدا هەبووە، لایەقەو رابیعەش ئاشكرایان كردووەو بەخێزانی پشتیوانیان گوتووە، كە پشتیوان حەز لە كچە خوشكێكیان دەكات، بەڵام مام حەمەدەمین ئەو قسانەی رەتكردەوەو گوتی "ئەگەر پشتیوان ویستبێتی ژنی دیكەش بێنێت، لایەقەو رابیعە هەقیان نەبووە، ئەو باوكی خۆی هەیە". زاراش بێ ئاگایی خۆی لەوە پیشاندا كە خوشكەكانی هیچ كێشەیان لەگەڵ پشتیوان هەبووبێت و زارا كە بەو رووداوە تاساوە دەڵێت "شتی وام نەزانیووە كە خوشكەكانم باسی ئەویان لای ژنەكەی كردبێت، لە هەموو خەڵكی بپرسە بزانە خوشكەكانی من هیچ خراپەی پشتیوانیان هەبووە؟ دراوسێیەكان ئەوەندە خۆشیان دەویستن چەند رۆژە بۆیان دەگریێن".
پشتیوان تا ئەو تاوانەی نەكرد، لای حەمەدەمینی باپیری لە كوڕەكانی خۆشەویستربوو، بەڵام ئێستا سكاڵای لە دژی پشتیوان تۆماركردووەو دەڵێت، دەبێ بگیرێت و بە هیچ شێوەیەك نابێ حكومەت ئازادی بكات "ئەوەی بەرگریشی لێ بكات لای من قەبوڵ نییە، باوكیشی گیرابوو، بەڵام ئازادكرا، ئەگەر تاوانی هەبووایە نەماندەهێشت بەربێت، پشتیوان هەڵاتووە، باوكی پشتیوان دەیگوت ئەگەر بزانم لە كوێیە ناهێڵم بگاتە حكومەت خۆم دەیكوژم، هەموومان لێی بەرین". حەمەدەمین گوتیشی"گەیشتومەتە ئەو تەمەنە تاوانی وام نەبینیووە، دوو پوری خۆی لە خۆڕا كوشت، داوا دەكەم لە سێدارەی بدەن".
ملازم ژیان تەلعەت، سەرپەرشتیاری بەدواداچوون لە بەڕێوەبەرایەتی بەدواداچوونی تووندوتیژی دژ بە ئافرەتان لە هەولێر بە(رووداو)ی راگەیاند، ئەو دوو خوشكە لەلایەن كوڕی برایانەوە كوژراون، لەسەر ئەوەی كە ئەو دوو خوشكە بە خێزانی پشتیوانیان گوتووە، كە پشتیوان پەیوەندی سۆزداری هەیە "لەسەر ئەوە پوورەكانی خۆی كوشتووە، سكاڵایان لە دژی پشتیوان تۆمار كردووە، فەرمانی گرتنی دەرچووە بە پێی مادەی 406، بەڵام تائێستا دەستگیر نەكراوە".